12/26/2024
خانم، مۆدێل، کلاسی
ببورن بە ناونیشانەکەدا وا تێمەگەن مەبەستم ( خانمێکی مۆدێلی خاوەن جی کلاسە) بەڵکو مەبەستم
خانمێکی نمونەی بەھا بەرزە، واتە ژنێکی خاوەن متمانەو، میھرەبان و وردبین و ڕێکپۆش، کە بەشێوازێکی دەروون دەوڵەمەندانەو لوکس دەژی و چێژ لە ھەموو ساتەکانی ژیانی دەبینێت، خانمی بەھا بەرز پێویستی بەوە نییە دەولەمەند بێت یان خاوەنی شتی گرانبەھا بێت بەڵکو ئەو تەنھا دەخوازێت باشترین نمونەی باڵای خۆی نیشان بدات کە ئەوەش دەکرێت بە ھەر بڕە بودجەیەکی کەم و سنورداریش بەدەست بێت.
خانم بوون بەشێوەیەکی گشتی واتە نمایشکردنی ڕەوشتی باش، وە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بەرامبەر بە ڕێز و میهرەبانییەوە، ھاوکات ئاگاداربوون لە ڕەفتارەکانت لە دۆخە کۆمەڵایەتییەکان، وە نیشاندانی خۆت بە هێمنی و ئارامی، وە ھەروەھا پۆشینی جل و بەرگی بە سەلیقە و پاراستنی پاکوخاوێنی کەسی.
لایەنە سەرەکییەکانی خانم بوون:
١- ڕەفتاری ڕێزدارانە
ووشەکانی "تکایە" و "سوپاس"، بەکاربھێنە لە کاتی گفتگۆکردن، بە وردی و سەرنجەوە گوێ بگرە و دوور بکەوەرەوە لەوەی کە قسە بە کەسانیتر ببڕیت، و ئاگاداری هەستی کەسانیتر بە.
٢- پەیوەندی ئەرێنی
بە ئەدەب و ڕێزەوە قسە بکە، دوور بکەوەرەوە لە قسە و باس و زەمکردنی کەسانیتر، زمانێکی گونجاو ماریفەتێکی شیرین بەکاربھێنە لەکاتی پەیوەندیکردندا.
٣- ڕەوشتێکی باش و گونجاو لە شوێنی گشتی
پەیڕەوی یاساکانی ئەتەکێتی کۆمەڵایەتی بکە وەک هێشتنەوەی دەرگاکان بە کراوەیی بۆ کەسانی تر، قسە نەکردن بە دەنگی بەرز لە شوێنە بێدەنگەکاندا، و ئاگاداربوون لە سنوری تاکە کەسی.
٤- ڕواڵەت و پاکوخاوێنی
جل و بەرگی گونجاو بۆ بۆنەو شوێنە جیاوازەکان بپۆشەو گرنگی زۆر بە پاکوخاوێنی و بۆنی جەستەو بۆنی دەم و بۆنی جل و بەرگەکانت بدە.
٥- متمانە بەخۆبوون
بڕوای تەواوت بە جەستەو سیماو بونییەت و شێوازی ھەڵکەوتنت ھەبێت، واتە بە تەواوی خۆت پێ قبوڵ بێت، ھیچ کات خۆت ناچار و ملکەچ پیشان مەدە لە ئاست کەسانی دەوروبەرت، خانم بوون بریتییە لە ھەبوونی کارەکتەرێکی بەھێز، بەڕێزەوە مامەڵە لەگەل ئەوانیتر بکە، ھاوکات ئەو شتانەی بە ڕەفتاری خانمانە دادەنرێت پەیڕەوی بکە لە چوارچێوەی بەھاو نۆرمە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکان. تەرکیزت لەسەر سیفەتە ناوەکییەکانت بێت ھەمیشە لە یادت بێت ڕەفتاری راستەقینەی خانمانە لە ناوەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە ڕواڵەت و دەرکەوتنی دەرەوەدا.
٦- خۆ پەروەردەکردن
بۆ ئەوەی گفتوگۆکانت بەھێزو کاریگەرو گوێلێگیراوبن پێویستت بە زانیاری راست و تازە ھەیە، ئەمەش لە ڕێگەی خوێندنەوەو بەدواداچون و گەران بەدوای زانیاری و سەرچاوەی نوێ دروست دەبێت، ھاوکات ئاگادار بون لەگۆرانکاری و ھەوالی ژینگەکەی خۆت و جیھان، لەکاتێکدا ئەمە مەرج نییە تەنھا لە رێگەی خوێندنی فەرمی پێی بگەیت، بەلکو لە رێگەی خوێندنەوەو مۆبایلەکەی دەستت دەتوانیت کار بۆ خۆ پەروەردەکردن و بنیادنانی توانا و بەھرەکانت بکەیت.
٧- میھرەبانی
ڕێز لە کەسانیتر بگرە، خانم بوون ھەر ئەوە نییە کە لە ڕوالەت و دەرەوەدا باش دەربکەویت و ڕەفتاربکەیت، بەڵکو بریتییە لە بوون بە کەسێکی باش لە ناوەوە، ھەروەھا ھەلسوکەوتت لەگەل ئەندامانی خێزان، ھاوڕێیانی شوێنی کار، لەگەل منال و بەساڵاچوان.... کاری بەخشندەی و خۆبەخشی و خزمەت بە پێی توانا و ھەلسوکەوتی میھرەبانانە.
٨- سوپاسگوزاربە
ھەر کاتێک کەسێک چاکەیەکت لەگەڵدا دەکات بچوک بێت یان گەورە سوپاسی بکە، ئەوە نیشانی دەدات کە تۆ قەدرت زانیوە، چونکە لەبیرکردنی سوپاس ئەگەر بە ڕێکەوت یان بە نا ئاگایش بێت بێ ڕێز و بێ منەت نیشانت دەدات.
بۆیە سوپاسی خانەخوێ بکە بۆ ھەر بانگھێشتێک، میوانییەک، بۆنەیەک، ئاھەنگێک، سوپاسی ئەو کەسانە بکە کە دیارییەکت پێشکەش دەکەن، سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکە کە ھاوکاری و پالپشتی مادی مەعنەویت پێ دەبەخشن، بەلام ئاگاداربە زیادەڕەوی لە سوپاسکردن ڕەنگە وا بکات ماناکەی لەدەست بدات، یان لاواز دەربکەویت.
٩- دۆخی جەستەی باش
شێوازی وەستان، دانیشتن، ئاماژە جەستەییەکانت بە شێوەیەکی راست بەکاربھێنە و ئاگاداری زمانی جەستەت بە.
١٠- زیادەڕەوی
زیادەڕەوی لە جل و بەرگ و ماکیاژدا مەکە، واتە ماکیاژ بۆ ئەوە بکە جوانییەک دەربکەوێت نەک جوانییەکەت دابپۆشێت، دوور بکەوەرەوە لە پۆشینی جل و بەرگی کراوەو نیمچە ڕووت و نەخوازراو چونکە ئەمە وا نیشان دەدات کە تۆ جل و بەرگ لەبەر خۆت ناپۆشیت بەلکو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەوروبەر. ھاوکات دووربە لە زیادەڕەوی کردن لە بەکارھێنانی بۆن چونکە ئەمە دۆخێکی بێزارکەر بۆ ھەندێک کەس دروست دەکات، لە ھەمان کاتدا زیادەڕەوی لە خواردن و خواردنەوەدا مەکە خانم بون پێویستی بە کۆنترۆلکردنی خود ھەیە.
١١- ئارامی و ھێمنی
بە ئارامی بمێنەرەوە، ھەروەھا دورکەوتنەوە لە ھێرشکردنە سەر کەسانی تر و وەڵامدانەوەو کاردانەوە ئەگەر بێزار بوویت، توڕە بوویت، یان دڵتەنگ بوویت، بە شێوەیەکی عەقڵانی و ئارام و دان بەخۆداگرتوو مامەڵە لەگەل دۆخەکەدا بکە. ئەمە وا دەکات کە کارێک یان کاردانەوەو قسەیەک نەکەیت کە دواتر پەشیمان ببیتەوە.
١٢- ئەتەکێتی سەردانیکردن و میوانی
لە کاتی سەردانی و میوانی دا، بە پێی توانا پێشتر خاوەن مال ئاگادار بکەرەوەو دلنیابە لەوەی دەرفەتەکە گونجاوە، بە بێ بانگھێشت بۆ نان خواردن مەڕۆ و دۆخێکی شەرمەزارانە بۆ خۆت و خاوەن مال دروست مەکە، کاتێک تۆ دەچیتە میوانی ڕێگە بدە خانەخوێ فەرموت لێ بکات و پێت بلێت لە کوێ دابنیشیت، لە کوێ جانتاکەت بە جێ بھێلیت، پێلاوەکانت داکەنیت یان نا، لە بیرت بێت ھەندێک کەس زیاتر پارێزگاری لە ژینگەی مالەکەیان دەکەن بۆیا خۆت یان منالەکانت پاکو خاوێنی رابگرن و بێ مۆلەت سەردانی چێشتخانە یان ژورەکانی تر مەکەن.
لەنیا جمال
خاوەن و دامەزرێنەری ئەکادیمیای زمانی جەستە
بۆ ڕاھێنان و ڕاوێژکاری.