01/06/2026
بەرهەمێکی نوێی زانستی و دەستکەوتێکی ئەکادیمی بۆ بەشەکەمان!
لە چوارچێوەی هەوڵە زانستییە بەردەوامەکان بۆ گواستنەوەی مەعریفەی جیهانی و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ئەکادیمی و نیشتمانی، پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی سەرۆکایەتی بەشی کیمیا ئاراستەی مامۆستای بەڕێزی بەشەکەمان (مامۆستا هیوا شەریف سەلیم) دەکەین [ناوبراو کە دەرچووی دانسقەی ساڵی ٢٠١٧ ی بەشی کیمیایە لە کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی زانکۆی سەلاحەدین بە پلەی دووەم و لە ئێستاشدا لە هەمان زانکۆدا لەژێر ناونیشانی (یاریدەدەری کیمیایی) خزمەت دەکات] لەپای ئەو خزمەتە زانستییە گەورەیەی کە پێشکەشیان کردووە، ئەویش بە وەرگێڕان و ئامادەکردنی کتێبی ناوازەی (کیمیا لە چەند خولەکێکدا) بە هاوکاری (مامۆستا کاروان عەزیز)، کە خوێندکاری ماستەرە لە بەشەکەمان.
لە ناواخنی پەرتووکەکەوە:
ئەم پەرتووکە سەنگینە هەوڵێکە بۆ ئاشناکردنی خوێنەران بە جوانی و قەشەنگییەکانی کیمیا. گەشتێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشە کە بە وێناکردنێکی هونەری-زانستی و بە زمانێکی زانستییانەی پاراوی کوردی داڕێژراوە. کتێبەکە بە جۆرێک خنجیلانە و پوخت ئامادە کراوە کە هاوشانی هەر بابەتێک وێنەیەک و زانیارییەکی بنچینەیی خراوەتەڕوو. بەمەش وا دەکات چیتر وەک زانستێکی وشک و بێ گیان سەیری کیمیا نەکرێت، بەڵکو خۆشەویستی بۆ ئەم زانستە زیاتر دەکات، ڕێک وەک چۆن خشتەی خولی بە تاجێکی گەوهەریی زانست و قەڵایەک وەسف دەکات.
بێگومان بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمە، نەک هەر خزمەتێکی گەورەیە بە خوێندکارانی زانستە سروشتییەکان، بەڵکو دەستکەوتێکی ئەکادیمیی بەبایەخە لە بەکوردیکردنی زاراوە و تێکستە زانستییەکان، وە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە مەعریفییەکان لە کتێبخانەی زانستیی کوردیدا.
بەڕێزیان کۆپیەکی کتێبە بەنرخەکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی بەشی کیمیایی زانکۆی سەلاحەددین کرد و بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر «دکتۆر محمد کریم صمد» سەرۆکی بەشی کیمیا سوپاسی دیاریەکەی بەڕێزیانی کردوو پشتگیری زانستی سەرۆکایەتی بەش و مامۆستا بەڕێزەکانی بەشی کیمایی دووپاتکردەوە.
سەرۆکایەتی بەشی کیمیا پشتگیریی زانستی و پەیوەستبوونی خۆی بەم جۆرە پرۆژە گرنگانە دووپات دەکاتەوە و دەستخۆشییەکی گەرم لە هەردوو مامۆستای بەڕێز دەکات بۆ ئەم ماندووبوونە دڵسۆزانەیە. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازین!
سەرۆکایەتی بەشی کیمیا